ماڵپه‌ڕی کوردستانه‌که‌م هۆمەر دزەیی: لە حەسەن زیرەكم تێنەپەڕاندووە
نێردراو له‌ لایه‌نPaviel له‌ ڕۆژی October 17 2012 13:25:03
 هونەرمەند هۆمەر دزەیی، پێیەكی لە كوردستانە و پێیەكەی دیكەی لە دەرەوەیە، زیاتر لە 50 ساڵی تەمەنی لە ئەوروپا و ئەمریكا بەسەربردووە، ئەو كە تەمەنی بووەتە 75ساڵ ، هێشتا دەڵێ “من گەنجم”، ئەو وشانەی لە گۆرانییەكانی بەكاردێنێ وشەی “تەڕ و تازە”ن
سه‌رجه‌م بابه‌ته‌که










هۆمەر دزەیی: لە حەسەن زیرەكم تێنەپەڕاندووە

هونەرمەند هۆمەر دزەیی، پێیەكی لە كوردستانە و پێیەكەی دیكەی لە دەرەوەیە، زیاتر لە 50 ساڵی تەمەنی لە ئەوروپا و ئەمریكا بەسەربردووە، ئەو كە تەمەنی بووەتە 75ساڵ ، هێشتا دەڵێ “من گەنجم”، ئەو وشانەی لە گۆرانییەكانی بەكاردێنێ وشەی “تەڕ و تازە”ن .

رووداو: بۆچی ناوە ناوە بە دیار دەكەوی و بزر دەبی، هەر جارەی یەك دوو گۆرانی بڵاودەكەیەوە؟
هۆمەر دزەیی: من بە پیشە گۆرانیبێژ نیم، ئەوەش بە حەزی خۆم نەبووە، هێندەی هەموو دونیا حەزم دەكرد ببمە گۆرانبێژی پیشەیی، لە سەرەتای تەمەنمەوە، حەزم دەكرد مۆزیك بخوێنم، بەڵام لەبەر نەریتی كۆمەڵایەتی و عەشیرەتگەری نەمتوانی، رێگەیان نەدام ئەوە بكەمە پیشەی خۆم، منیان ناردە توركیا تاوەكو پزیشكی بخوێنم، دوو ساڵ لە ئەنقەرە خوێندم، چونكە بە حەزی خۆم نەبوو بەجێمهێشت و چوومە ڤیەننا، لەوێ دەستم بە خوێندنی زانستی سیاسەت كرد، بۆیە ناوە ناوە لە بۆنە و نەورۆزێك یەك دوو گۆرانیم دەگوت و تۆماریان دەكرد، ئێستا دەمەوێ ئەوەی بە لاوی لەدەستم دەرچوو، بەدەستی بێنمەوە. وەك دەڵێن بە پیری چووە بەر هەویری.

ئەوەی بە گەنجی لە دەستم چوو دەمەوێ بە پیری بەدەستی بێنمەوە
رووداو: بەڵام تۆ باوەڕت بە پیربوونی خۆت نییە؟
هۆمەر دزەیی: (بە پێكەنیینەوە) ئەوە پەندێكی كوردییە، ئەگینا من هێشتا گەنجم.
رووداو: كەی یەكەم گۆرانیت تۆماركرد؟
هۆمەر دزەیی: یەكەم گۆرانی لە بەردەم خەڵك بە مایكرۆفۆن گوتبێتم لەساڵی 1946 بوو لە هەولێر، لە قوتابخانەكان بەنێوبانگ بووم، بەڵام لە ساڵی 1954 لە بەشی كوردی رادیۆی بەغدا، كە ئەوكات قوتابی پۆلی 5ی ئامادەیی بووم لە بەغدا، بێژەرێكی دەنگی بەغدا، منی دەناسی، گوتی بۆ نایێی گۆرانیت بۆ تۆمار بكەین، منیش مۆڵەتم لە كاكم (برا گەورە) وەرگرت، ئەویش گوتی: گۆرانی بڵێ بەومەرجەی پارە وەرنەگری و ناوی تەواویشت نەدەی تاوەكو سومعەمان نەچێت. بۆیە كە گۆرانییەكانیان بۆ تۆماركردم پارەیان بۆ هێنام وەرم نەگرت. ئەوەبوو 8 گۆرانیم تۆماركرد بە ناوی (دزەیی). دوای ئەوە ساڵی 1955 چوومە دەرەوە، ویستم موزیك بخوێنم، بەڵام گوتیان وابكەی پارەت لێدەبڕین و پەیوەندیت بە ئێمەوە نامینێت، منیش نەمتوانی بەردەوام بم، لەوە بەدواوە ناوە ناوە دەهاتمە كوردستان و گۆرانییەكم تۆمار دەكرد، بەتایبەتی لە نەورۆز، پاشان بڵاودەبووەوە.
رووداو: دەگوترێ تۆ كەسێكی یاخی لە عەشیرەتەكەت؟
هۆمەر دزەیی: لە عەشیرەت یاخینەبووم، بەڵام لەو كولتوورەی دژی گۆرانی گوتن بوو یاخیبووم. هەرچەندە من لە ژینگەی لادێ گەورەبوومە و گوێم لە بەندەكانیان دەبوو، وەك بەندی جوتیارەكان، سەڵاواتی دەروێشەكان، هەڵپەڕكێی دۆم و قەرەجەكان، بەڵام كە بە هونەری بێگانە ئاشنابووم دەمبینی ئەوان شتی تازەیان هەبوو، گوتم باشە بۆچی كورد هەر لاوك و حەیران و قەتار و ئەڵڵاوەیسی هەیە، بۆیە رێگەیەكی دیكەم گرتەبەر، كە زیاتر رۆژئاوایی بوو، چونكە نەمدەویست لە كاروانی گۆڕان و پێشكەوتن دوابكەوین.

كاكم بەو مەرجە رێیپێدام گۆرانی بڵێم پارە وەرنەگرم و ناوم نەهێنم
رووداو: هیچ پڕۆژەی تازەی هونەریت هەیە؟
هۆمەر دزەیی: گۆرانی تازەم هەیە و هێشتا تۆمارم نەكردوون، خەریكە بیانكەمە ئەلبووم. لە كوردستان كۆنسێرتم نەكردووە، بۆیە بەنیازم كۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی بكەم، نیازیشم وایە كۆنسێرتەكان لە نێوەڕاستی ئەو مانگە بە دواوەبن .
رووداو: لەكەیەوە لە رۆژئاوای؟
هۆمەر دزەیی: لە ساڵی 1955ەوە چوومە دەرەوە، بەڵام ناوە ناوە هاتوومەتەوە كوردستان، سەرەتا لە ئەوروپا بووم، بەڵام ماوەی 24ساڵە لە ئەمریكا گیرساینەوەو ماڵمان لەوێیە.
رووداو: زۆر هونەرمەندی كورد لە دەرەوەن، ئایا هونەری تاراوگە لای كورد دروستبووە؟
هۆمەر دزەیی: هەموو میللەتێك هونەری تاراوگەی هەیە، بەڵام بۆ ئێمە ئەستەمە، چونكە گۆرانی تۆماركردن لە رۆژئاوا زۆر ئەستەمە، ئەگەر كۆمپانیای گەورەت لە پشت نەبێ هیچت پێ ناكرێت. لە تاراوگە هیچ كۆمپانیایەك لە پشت هونەرمەندانی كوردەوە نییە، بۆیە هونەرمەندەكانمان تەنیا كورد دەیانناسن.

ژنەكەم دەڵێ ئەو گۆرانیانە لە سەر و سیمای تۆ ناوەشێنەوە
رووداو: لارای كچت چەند گۆرانییەكی لەگەڵ تۆ گوت، بەڵام بێدەنگ بوو بۆچی؟
هۆمەر دزەیی: ئەو حەزی لە گۆرانی گوتن نییە، ئەگینا ئازادە.
رووداو: بە گۆرانی رۆمانسی بەنێوبانگی، وشەی زۆر رۆمانسیش بەكاردێنی، دیارە عاشقی؟
هۆمەر دزەیی: كەس هەیە عاشق نەبێت؟ خۆی ئەم گۆرانییە رۆمانسییانە لەبەرئەوەن كە ژێیەكانی گەرووم زیاتر لەگەڵ ئەو گۆرانییە نەرمانە دەگونجێن، بە دڵی خۆم وشەی تەڕ و تازە هەڵدەبژێرم، زۆریان شیعری خۆمن. من چەند هەق بە دەنگ دەدەم، ئەوەندەش بە وشەی دەدەم، گۆرانی بە دەنگ و هەڵبەست و ئەدا و ئاواز سەردەكەوێت، زۆرجار رەخنەم لێدەگرن، كە گۆرانییەكانم زۆر كراوەن، بەڵام ئەوە زۆر ئاساییە، پێشی منیش خەڵكی وا هەبووە، من لە حەسەن زیرەكم تێنەپەڕاندووە.
رووداو: ژنەكەت لەسەر ئەو گۆرانیانە هیچ ناڵێت؟
هۆمەر دزەیی: ژنەكەم دەڵێ ئەو گۆرانیانە لە سەر و سیمای تۆ نایێن، ریشت سپی بووە، بەڵام من گوێی نادەمێ.
رووداو: بۆ وازت لە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا هێنا؟
هۆمەر دزەیی: لەساڵی 1992 كە بەشی كوردی لە رادیۆی دەنگی ئەمریكا كرایەوە من یەكێكبووم لە دامەزرێنەرانی ئەو رادیۆیە. 8 ساڵ بێژەر و وەرگێڕبووم، بەرنامەی تایبەتم هەبوو، دواتر 5 ساڵ سەرۆكی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا بووم، لە ساڵی 2005 مام جەلال هات بۆ ئەمریكا و داوای لێكردم بگەڕێمەوە و بمكاتە باڵیۆزی عێراق.

ئەگەر مام جەلال نەبێ عەرەب تێك بەردەبن
رووداو: لەسەر داوای مام جەلال گەڕایەوە، بەڵام نەكرایە بالیۆز، بۆچی؟
هۆمەر دزەیی: گوتی زانستی سیاسیت خوێندووەو زمان دەزانی و زۆر گەڕاوی، باڵیۆزی بۆ تۆ باشە، بۆیە خۆم خانەنشین كرد و گەڕامەوە عێراق، بەڵام كە ناوم رەوانە كرا بۆ باڵیۆزی، یاسایەك دەرچوو كە نابێ تەمەنی باڵیۆز لە 63 ساڵ زیاتربێت، ئەوكات 67 ساڵ بووم، بۆیە مام جەلال منی كردە راوێژكاری سیاسی خۆی، تائێستاش بەردەوامم.
رووداو: مام جەلال راوێژت پێدەكات؟
هۆمەر دزەیی: لە هەموو دونیا سەرۆكەكان راوێژكاری زۆریان هەیە لە هەموو بوارێكدا، سەرۆك كۆماری عێراقیش بۆ هەر ناوچەیەكی جیهان چەندین راوێژكاری هەیە، بەڵام من راوێژكاری سیاسەتی گشتیم و سەنگی راوێژپێكردنەكەم ئەوروپای رۆژئاواو توركیایە. هەڵبەت كە لە بەغدا بم رۆژانە مام جەلال دەبینم ئەگەر لە كوردستانیش بم و كاریان پێم هەبێ یەكسەر دەچمەوە لای مام جەلال.
رووداو: كەسایەتی مام جەلال چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
هۆمەر دزەیی: لەساڵی 1948ەوە مام جەلال دەناسم، هەتا بڵێی پیاوێكی زیرەك و دووربین و چالاكە، سەرەرای تەمەن و باری تەندروستی، هەمیشە گەشبینە، بۆ كێشەی گەورەش بێ ئومێد نابێ و ئومێد بە خەڵكیش دەدات، لە كاری سیاسی هەستم نەكردووە مام جەلال پیربووبێت، 65 ساڵ زیاتر ئەزموونی سیاسی هەیە. نەك هەر لە ناو كورد دا، بەڵكو لەناو عەرەبی عێراقیش هیچ سیاسەتكارێك ئەو پێشینە سیاسییەی مام جەلالیان نییە، ئەگەر مام جەلال سەرۆك كۆمار نەبووایە عەرەب تێك بەردەبوون، دەبووە شەڕیان، ئەمەش لە بەرژەوەندی هیچ لایەك نییە.

هۆمەر دزەیی:
1937 لە گوندی دووگردكانی دەشتی دزەییان لەدایكبووە.
1946 دەستی بە گۆرانی كردووە.
1954 یەكەم گۆرانی لە رادیۆی بەغدا تۆماركردووە.
1955 چووەتە دەرەوە بۆ خوێندن.
1970 ژیانی هاوسەری پێكهێاوە و خاوەنی دوو كوڕ و دوو كچە.
1992 تاوەكو 2005 لە رادیۆی دەنگی ئەمریكا لە واشنتن كاری كردووە.
لە ساڵی 2007ەوە تائێستا راوێژكاری سیاسی مام جەلالە