AddThis Social Bookmark Button

بەپێی ئامارێکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم رێژەی هاوسەرگیری لە ساڵی رابردودا کەمیکردوە و رێژەی تەڵاقیش روی لەزیادبون کردوە.ئەمڕۆ یەکشەممە، ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ هه‌رێم له‌‌ كۆنگره‌یه‌كی‌
رۆژنامه‌وانیدا‌ ئاماری‌ ساڵی‌ رابردوی دادگاكانی‌ هه‌رێمی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا دادوه‌ر ئومێد موحسین، وته‌بێژی‌ ئه‌نجومه‌نەکە رایگه‌یاند: ساڵی رابردو بەراورد بە ساڵی (2013) رێژه‌ی‌ ماره‌بڕین (هاوسه‌رگیری‌) له‌پارێزگاكانی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ و دهۆك و كه‌ركوك و گه‌رمیان (پێنج) هه‌زار و (292) پرۆسه‌ كه‌میكردوه‌، بەجۆرێک ساڵی (2013) (53) هەزار و (579) پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامدراوە، بەڵام ساڵی رابردو ژمارەکە بۆ (47) هەزار و (453) پرۆسە کەمیکردوە.وتیشی: رێژەی تەڵاق جگە لە پارێزگای هەولێر، لە پارێزگاکانی دیکە روی لە زیادبون کردوە، بەوپێەی ساڵی (2013) (8777) حاڵەتی تەڵاق لە هەرێم تۆمار کراوە، بەڵام لە ساڵی رابردودا رێژەکە گەیشتوەتە (8428) حاڵەت.هەر بەپێی ئامارەکە،  ساڵی رابردو له ‌پارێزگای‌ هه‌ولێر (336) حاڵه‌تی‌ ته‌ڵاق و جیابونه‌وه‌ كه‌می‌ كردوه‌و له‌به‌رامبه‌ردا له‌سلێمانی‌ (325) حاڵه‌ت زیادی‌ كردوه‌ و له‌دهۆكیش (101) حاڵه‌ت و (كه‌ركوك ـ گه‌رمیان)ش (205) حاڵه‌ت زیادیكردوه‌.وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم ئەوەشی خستەڕو، ‌له‌هه‌رێمی‌ كوردستان (208) كه‌س سزای‌ له‌سێداره‌دانی‌ بۆ ده‌رچوه‌، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی‌ سزای‌ له‌سێداره‌دان له‌ساڵی‌ (2008)ەوە راگیراوه‌، جگە لەوەش ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ تۆمه‌تبارن و فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنیان هه‌یه‌، به‌هۆی‌ باڵا ده‌ستی‌ و كه‌می‌ توانای‌ هێزه‌كان، نه‌توانراوه بەشێکی زۆریان‌ ده‌ستگیر بكرێن.