AddThis Social Bookmark Button
که‌و عه‌بدوڵا، فرمێسک له‌چاوه‌کانى قه‌تیس مابوو، هه‌م خه‌مباربوو هه‌میش خۆشحاڵ، خه‌مى له‌ده‌ستدانى کوڕه‌که‌ى ئازارى ده‌دا‌و خۆشحاڵیش بوو به‌وه‌ى بوه‌ته‌ دایکى یه‌که‌م شه‌هیدى پێشمه‌رگه‌ له‌کۆبانێ
له‌پێناوى کوردستاندا.
زێره‌ڤان ئه‌کره‌م، پێشمه‌رگه‌ له‌فه‌رمانده‌ى هێزى پشتیوانى یه‌ک، 15ى ئه‌م مانگه‌ له‌گه‌ڵ سێیه‌م کاروانى پێشمه‌رگه‌دا چوه‌ کۆبانێ‌و ئێواره‌ى 20ى هه‌مان مانگ له‌کاتى ئازادکردنى چه‌ند ناوچه‌یه‌کى کۆبانێ شه‌هیدبوو، زێره‌ڤان یه‌که‌م شه‌هیدى پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌و شاره‌ کوردیه‌ى رۆژئاواى کوردستان، که‌ حه‌وت مانگ زیاتره‌ تارمایى داعش روی تێکردوه‌.
زێره‌ڤان ئه‌کره‌م مزورى (25 ساڵ)، له‌ناحیه‌ى قوشته‌په‌ى سه‌ر به‌هه‌ولێر له‌دایکبوه‌، ئه‌گه‌رچى خۆیان خه‌ڵکى سنورى قه‌زاى مێرگه‌سۆرن، به‌ڵام له‌ئێستادا خێزانه‌که‌ى دانیشتوى قه‌زاى سۆرانن، شه‌وى 21 له‌سه‌ر 22ى ئه‌م مانگه‌ ته‌رمه‌که‌ى له‌ڕێوڕه‌سمێکى جه‌ماوه‌ریدا له‌سۆران به‌خاکسپێردرا.
که‌و عه‌بدوڵا، دایکى شه‌هید زێره‌ڤان، هێشتا له‌پرسه‌ى کوڕه‌که‌یدا پۆل پۆل خه‌ڵک ده‌هاتن‌و سه‌ره‌خۆشیان لێده‌کرد، به‌‌هاوڵاتی وت «زۆر خۆشحاڵم به‌وەى کوڕه‌که‌م له‌پێناو ئازادکردنى خاکى کوردستان شه‌هیدبوه‌«.
هه‌رچه‌نده‌ هێشتا پرسه‌ى زێره‌ڤان ته‌واونه‌بوه‌، به‌ڵام دایکى ده‌ڵێت «ئاماده‌م سێ کوڕه‌که‌ى ترم ببه‌خشمه‌ خاکى کوردستان، واهه‌ست ناکه‌م کوڕه‌که‌م ئێمه‌ى جێهێشتوه‌، به‌ڵکو هه‌ر له‌ناومانه‌ چونکه‌ خوێنى له‌پێناو کوردستاندا رژاوه‌«.
زێره‌ڤان ئه‌کره‌م، له‌ساڵى 2010وه‌ بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌فه‌رمانده‌ى هێزى پشتیوانى یه‌ک‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وام بوه‌ له‌خوێندن، ساڵى 2013‌و 2014 له‌زانکۆى سۆران له‌کۆلیژى بنیات به‌شى کوردى وه‌رگیراوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و باره‌ ئابوریه‌ى به‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستاندا هاتوه‌، ده‌وامى کۆلێژ ده‌کات به‌مۆڵه‌ت.
کاروانى سێیه‌مى پێشمه‌رگه‌ 15ى مانگ چونه‌ کۆبانێ، دواى پێنج رۆژ له‌گه‌یشتنیان هه‌واڵى شه‌هیدبونى زێره‌ڤان به‌که‌سوکاره‌که‌ى درا.
نێچیرڤان ئه‌کره‌م، براى شه‌هید زێره‌ڤان، به‌‌هاوڵاتی وت «ئه‌گه‌رچى که‌س نیه‌ به‌شه‌هیدبونى براى خۆشحاڵ بێت به‌ڵام من‌و بنه‌ماڵه‌که‌م زۆر خۆشحاڵین».
نێچیرڤان له‌کاتى قسه‌کردن له‌سه‌ر براکه‌ى، ناو به‌ناو ئاخى هه‌ڵده‌کێشاو وتى «کاتژمێر 4:20 خوله‌ک به‌قه‌ناسى چه‌کدارانى داعش شه‌هید کرا».
زێره‌ڤان زۆر حه‌زى کردوه‌ له‌کاروانى یه‌که‌مى پێشمه‌رگه‌ بێت بچێته‌ کۆبانێ به‌ڵام به‌تیروپشک بۆ کاروانى سێیه‌م ناوى ده‌رچوو.
نێچیرڤان وتى «ئه‌و رۆژه‌ى له‌فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر به‌ڕێمانکرد، من زۆر قسه‌ى خۆشم له‌گه‌ڵ کرد هه‌تا پێشم وت زێره‌ڤان ئه‌گه‌ر ده‌ترسى مه‌چۆ بۆ کۆبانێ، ئه‌و زۆر توڕه‌بوو وتى چه‌ندین مانگه‌ چاوه‌ڕێم بچم له‌گه‌ڵ شه‌ڕڤانان دژى چه‌ته‌کانى داعش بجه‌نگم».
زێره‌ڤان، له‌کۆبانێ بریندارده‌بێت‌و ده‌برێته‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کى شارى ئۆرفا له‌باکورى کوردستان، پێش ئه‌وه‌ى ببرێته‌ ژورى نه‌شته‌رگه‌رى گیانى له‌ده‌ستداوه‌.
براکه‌ى زێره‌ڤان ته‌نها یه‌ک داواکارى له‌پارێزگارى هه‌ولێر هه‌یه‌، ده‌ڵێت «وه‌کو رێزلێنانێک بۆ براکه‌م که‌یه‌که‌مین شه‌هیده‌ له‌کۆبانێ شوێنێکى گشتى به‌ناوه‌وه‌ بکرێت یان په‌یکه‌رێک له‌شوێنێکى گشتى شارى هه‌ولێر بۆ بکرێت ئه‌گه‌رنا هیچمان ناوێت».
دوایین په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى زێره‌ڤان له‌گه‌ڵ که‌سوکاره‌که‌ى، قسه‌کردن بوه‌ له‌گه‌ڵ خاڵۆزایه‌کى.
ئیحسان حسێن عه‌بدوڵا، کوڕه‌ خاڵى زێره‌ڤان، به‌هاوڵاتی وت «له‌و رۆژه‌ى که‌وا زێره‌ڤانى تێدا شه‌هیدبوه‌، کاتژمێر دواى 12ى نیوه‌ڕۆ قسه‌م له‌گه‌ڵ کرد، وتى ئێمه‌ زۆرباشین‌و زۆر شوێنمان رزگارکردوه‌ پشت به‌خوا ئه‌گه‌ر شوێنه‌کانى تریشمان ئازادکرد ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌«.
چه‌کدارانی داعش له‌ 16/9ی ساڵى رابردوه‌وه‌ به‌هێزو چه‌کی قورسه‌وه‌ پەلامارێکی به‌رفراوانیان ده‌ستپێکرد بۆ سه‌ر کانتۆنی کۆبانێ له‌ڕۆژئاوای کوردستان، له‌ماوه‌ی نزیکه‌ی مانگێکدا نزیکه‌ی 400 گوندی کانتۆنه‌که‌یان داگیرکردو دواتر په‌لاماری ناوه‌ندی شاره‌که‌یاندا.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ناوه‌ندی شاره‌که‌ روبه‌ڕوی به‌رگریه‌کی سه‌خت بونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌)و یه‌کینه‌کانی پاراستنی ژن (یه‌په‌ژه‌).
له‌کۆتایی مانگی 10ی ساڵى رابردودا، هێزێکی پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ که‌ له‌ 150 که‌س پێکهاتبون به‌چه‌کی قورسه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی تورکیاوه‌ گه‌یشتنه‌ کۆبانێ، ئه‌وه‌ش یارمه‌تی شه‌ڕڤانانی دا هه‌ندێک له‌گه‌ڕه‌که‌کانی شاره‌که‌ له‌چنگی داعش ده‌ربهێننه‌وه‌‌و ئێستاش شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌.
شیراز ساڵح، نزیکترین هاوڕێى زێره‌ڤانه‌، به‌‌هاوڵاتی وت «زێره‌ڤان پێشتر خوشه‌ویستى هه‌بوو به‌ڵام ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا به‌هۆکارێکى نادیار لێکجیابونه‌وه‌«.
زێره‌ڤان، ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌کۆلیژى سه‌ربازى زاخۆ ناوى ده‌رچوو بوو.
شیراز ساڵح، وتى «ئاواتى ئه‌وه‌بوو ئه‌و کۆلێژه‌ ته‌واوبکات‌و دواتریش له‌زانکۆى سۆران بخوێنێت».
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، ئه‌و رۆژه‌ى تێیدا شه‌هیدبوو، زێره‌ڤان دوجار ته‌له‌فۆنى بۆ کردوه‌، به‌یانى‌و نیوه‌ڕۆکه‌ى، «وتى زۆرخۆشه‌ به‌رزاییه‌کانى سنورمان گرتوه‌ته‌وه‌«.
به‌پێى ئاماره‌ ناڕه‌سمیه‌کان، له‌سنورى سۆران‌و چۆمان‌و رەواندز‌و مێرگه‌سۆر، زیاتر له‌ 41 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ له‌ئێستادا له‌به‌ره‌کانى جه‌نگى دژ به‌داعشدان.
ئه‌شقى مه‌لا، به‌رپرسى ده‌زگاى شه‌هیدانى سۆران، به‌هه‌مانشێوه‌ى که‌سوکارى زێرەڤان ئه‌ویش خۆشحاڵه‌ به‌وه‌ى یه‌که‌م شه‌هیدى باکورى کوردستان له‌کۆبانێ له‌ناوچه‌که‌ى ئه‌وانه‌، به‌‌هاوڵاتی وت «تائێستا له‌سنورى هه‌رچوار قه‌زاکانى سنورى سۆران‌و چۆمان‌و رەواندزو مێرگه‌سۆر، ئه‌وه‌ 58مین شه‌هیده‌‌و زیاتر له‌ 350 برینداریشمان هه‌یه‌«.
هه‌روه‌ها رونیکرده‌وه‌، سه‌ره‌تا هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ک شه‌هیدده‌بێت تاوه‌کو شه‌ش مانگ له‌وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ موچه‌ى پێده‌درێت، دواى ئه‌و ماوه‌یه‌ش وه‌زاره‌تى شه‌هیدان‌و ئه‌نفالکراوان، شه‌هیدانه‌یان بۆ ده‌بڕێته‌وه‌.
به‌رپرسى ده‌زگاى شه‌هیدانى سۆران وتیشى «به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى ئه‌و وارسى شه‌هیدانه‌ لاى ئێمه‌ موچه‌ وه‌ربگرن، منداڵه‌کانیان وه‌کو منداڵه‌کانى سه‌رجه‌م شه‌هیده‌کانى تر سودمه‌ندى ئیمتیازاته‌کان ده‌بن».